رووداو به كوردى

Voice of America
  1. هەواڵە جیهانیـیەکان لە دەنگی ئەمەریکا
  2. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا،سێنتکۆم ڕایگەیاند هێزەکانی بە فەرمانی سەرۆکی ئەمەریکا کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هێناوە لە دژی ئامانجەکان لە ئێران کە لە کاردانەوە بە خستنەخوارەوەی هەلیکۆپتەری ئاپاچی ئەمەریکا ئەنجامدراوە. سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە هێزەکانی ئەمەریکا لەو ئۆپەراسیۆنەدا لە فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی ئەمەریکا بۆ بە ئامانجگرتنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران و وێستگەکانی کۆنتڕۆڵی زەمینی و شوێنەکانی ڕاداری چاودێری لە نزیک تەنگەی هورمز کەڵکیان وەرگرتووە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکە "وەڵامێکی گونجاو" بووە لە کاردانەوە بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هێزەکانی ئەمەریکا و کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەکەدا. هەروەها سێنتکۆم جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئامادەباشییەکی بەرزدا ماونەتەوە و بە تەواوی ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی "دەستدرێژییە بێ هۆکارەکانی ئێران". بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە شەوی سێشەممە لە هێرشەکانی ئەمەریکادا 20 ئامانج لە ناوخۆی ئێران هێرشیان کراوەتە سەر. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە سێنتکۆم ڕایگەیاندووە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکانی هێناوە، بەڵام هێزەکان لە ئامادەباشیدا دەبن و سوپای ئەمەریکا ئامادەیە لە ئەگەری هەر تۆڵەسەندنەوەیەک لەلایەن ئێرانەوە وەڵام بداتەوە.
  3. باراک ڕاڤید، پەیامنێری ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکایی لە هەژماری خۆی لە ئێکس ڕایگەیاندووە شەپۆلی دووەمی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران لە ئارادایە و ئامانجە سەرەکییەکانیش سیستەمی بەرگری ئاسمانی و ڕادارەکانی ئێرانە. ئەم هەواڵە دوای چەند کاتژمێرێک لەوە دێت کە ئەمەریکا لە کاردانەوە بە خستەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکی ئاپاچی ئەمەریکایی لە نزیک تەنگەی هورمز هێرشی کردە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران. پێشتریش بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندبوو لە قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا چەندین سیستەمی بەرگری ئاسمانی و ڕاداری لە دەوروبەری تەنگەی هورمز کراوەتە ئامانج. میدیاکانی حکومەتی ئێران بڵاویان کردەوە کە دوورگەی قشم کراوەتە ئامانج و پشتڕاست کرایەوە کە موشەکێک بەر بەندەری سیریک کەوتووە. هەروەها هەواڵی تەقینەوە لە بەندەر عەباس و دەوروبەری جاسک لە نزیک شوێنی چوونە ژوورەوەی تەنگەی هورمز بڵاوکرایەوە. دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنەکەی بە وەڵامێکی بەهێز بۆ کردەوەکانی ئێران ناودێر کرد. لە بەرامبەردا کاربەدەستانی ئێران هۆشدارییان داوە هەر هێرشێک یان هەڕەشەیەک لە دژی کۆماری ئیسلامی بێ وەڵام نابێت.
  4. مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئێوارەی سێشەممە بە کاتی واشنتن ڕایگەیاند هێرشەکانی ئەمەریکا دژی ئێران لە وەڵامی خستنەخوارەوەی کۆپتەرێکی ئاپاچی ئەمەریکاییە لەلایەن تارانەوە و وتیشی هێرشەکان گونجاو و سنووردارن. سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد هێرشەکان شوێنەکانی ڕادار و مووشەک و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی ئێرانیان کردووەتە ئامانج. جۆنسۆن وتی پێش ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا هێرشی "بەرگری" دژی کۆماری ئیسلامی دەستپێبکەن، لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترامپ و بەرپرسانی باڵا لە "ژووری بارودۆخ"ی کۆشکی سپیدا بووە. هێزەکانی سێنتکۆم بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بەکاتی تاران هێرشەکانیان بۆ سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامی دەستپێکرد.
  5. دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئەی بی سی نیوز وتی "پێموایە وەڵامدانەوە زۆر گرنگە، ئەوان کۆپتەرێکیان خستە خوارەوە و ئێمەش لە ئێستادا وەڵامی دەدەینەوە." جاناتان کارل، پەیامنێری کەناڵی کەناڵی ئەی بی سی نیوز ڕایگەیاند بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترامپ قسەی کردووە لە کاتێکدا سێنتکۆم هێرشەکانی تۆڵەسەندنەوەی ئەمەریکای لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندووە. بەگوێرەی ئەو پەیامنێرە، ترامپ وتویەتی "پێموایە وەڵامدانەوە زۆر گرنگە. ئەوان هێلیکۆپتەرێکیان خستە خوارەوە و ئێمەش لە ئێستادا وەڵامی دەدەینەوە." سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوە وەڵامێکە بۆ ئەوەی دوێنێ شەو بەرامبەر هێلیکۆپتەرەکەمانیان کرد و پێموایە وەڵامدانەوەکە دەبێت زۆر بەهێز بێت و ئەم وەڵامەش هەروا دەبێت."
  6. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 9ی مانگی شەش بە کاتی ئێران ڕایگەیاند هێزەکانی بە فەرمانی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتژمێر 5ی ئێوارە بە کاتی ئەمەریکا هێرشی بەرگری لە خۆیان لە دژی ئێران دەستپێکردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە هێرشەکان لە وەڵامی خستەخوارەوەی کۆپتەرێکی هێرشبەری ئاپاچی ئەمەریکا لە ڕۆژی پێشوودا ئەنجام دراون و "کاردانەوەیەکی گونجاوە بۆ کردەوە شەڕانگێزانە و ناڕەواکانی ئێران." دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەر ئەمڕۆ هەواڵی خستەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکی ئاپاچی ئەمەریکای لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەی لە تەنگەی هورمزدا لەلایەن ئێرانەوە پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند دوو فڕۆکەوانەکەی بەبێ هیچ زیانێک ڕزگار کراون و ئاماژەی بەوەشکرد ئەمەریکا پێویستە وەڵامی ئەم هێرشە بداتەوە." میدیاکانی ئەمەریکا بە پشت بەستن بە بەرپرسان بڵاویان کردەوە کۆپتەرەکە دوای پێکدادان لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کە ئەگەری هەیە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید بووبێت، کەوتووەتە خوارەوە.
  7. هەڵبژاردەی نیشتمانی ئەمەریکا بۆ تۆپی پێی پیاوان دەیەوێت سوود لەوە وەربگرێت کە یارییەکان لەسەر خاکی ئەمەریکا بەڕێوەدەچن و دەستکەوتێکی باشتر لە چوار دەرکەوتنی پێشوویان مسۆگەر بکەن. وەکوو یەکێک لەو سێ وڵاتەی کە میوانداریی جامەکە دەکەن
  8. د. جەعفەر شێخولئیسلامی، پرۆفسۆری زمانەوانی زانکۆی کارلتن لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، بەردەستە کتێبی ئۆکسفۆرد بۆ زمانەوانی کوردی، بۆ یەکەمجار لە مانگەکانی ئایندەدا چاپ و بڵاودەکرێتەوە بە شێوەیەکی داهێنەرانە و ورد پێداچوونەوە و شیکردنەوەیەکی نوێ بەسەر هەر شەش جۆرە زاراوە سەرەکییەکانی زمانی کوردییدا دەکات
  9. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڕی 750 دۆلاری دیاریکرد بۆ خێراکردنی چاوپێکەوتنی ڤیزای جۆری B‑1و B‑2 لە هەندێک بالیۆزخانە و کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا کە قەرەباڵغی زۆری چاوپێکەوتنی ڤیزایان لەسەرە. ئەم بڕیارە کە رۆژی سێ شەممە لە رۆژنامەی تۆماری فیدراڵی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە، بوار بەداواکارانی ڤیزای جۆری B‑1و B‑2 دەدات لەبەرامبەر پێدانی 750 دۆلار لەماوەی 10 رۆژدا چاوپێکەوتن بۆ ورەگرتنی ڤیزا بکەن، ئەمە سەرەڕای تێچووی سەرەتایی ڤیزا کە بڕی185 دۆلارە. خزمەتگووزارییەکە ئارەزوومەندانەیە و وەک تاقیکردنەوەیەک جێبەجێدەکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی داواکاری و کەمکردنەوەی فشار لەسەر ستافی ئەو بالیۆزخانە و کۆنسوڵخانانەی کە ماوەی چاوەڕوانی چاوپێکەوتنی ڤیزا زۆرجار لە ساڵیک زیاترە. بڕیارە لە داهاتوودا وەزارەتی دەوەرە ناوی ئەو بالیۆزخانە و کۆنسوڵخانانە بڵاوبکاتەوە کە ئەم خزمەتگووزارییەیان تێدا بەردەست دەبێت. ئەم دەستپێشخەرییە هەلێکی نوێیە تا گەشتیاران خێراتر کاتی چاوپێکەوتنی ڤیزا مسۆگەربکەن، هەروەها یارمەتی وەزارەتی دەرەوە دەدات بۆ تێگەیشتن لە ئاستی داواکاری و توانای فراوانکردنی خزمەتگوزارییە کۆنسوڵییەکان لە داهاتوودا. ئەم خزمەتگووزارییە لە 1ی مانگی حەوت دەستپێدەکات و تا کۆتایی مانگی دوانزەی 2026 بەردەوامدەبێت. پاشان وەزارەتی دەرەوە بە پشتبەستن بە زانیارییە کۆکراوەکان بڕیاردەدات لە کۆتاییهێنان یان بەردەوامبوونی پڕۆگرامەکە. ڤیزای جۆری B‑1 کاتییەو بۆ چالاکییە بازرگانییەکان دیاریکراوە، وەک بەشداریکردن لە کۆنفرانس وگفتوگۆکردن لەسەر گرێبەست و بەشداریکردن لە ڕاهێنانی پیشەیی. ڤیزای جۆری B‑2 کاتییەو بۆ مەبەستی گەشتیاریی و سەردانی هاوڕێ و کەسوکارو بەشداریکردن لە بۆنە و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەکاردێت. وەزارەتی دەرەوە هەر دوو ساڵ جارێک بڕی پارەی وەرگیراو لە داواکارانی ڤیزا لەسەر بنەمای بەدەستهێنانەوەی تەواوی تێچوو بۆ حکومەت دەخەمڵێنێت. لەسەر ئەم بنەمایە وەزارەتی دەرەوە بڕیاریداوە کە تێچووی خێراکردنی چاوپێکەوتنی ڤیزا 750 دۆلار دەبێت، بۆیە لە ماوەی ئەم تاقیکردنەوەیەدا ئەو بڕە پارەیە لەو داواکارانە وەردەگرێت کە ئەم خزمەتگووزارییە بەکاردەهێنن.
  10. لە گەرمیان مەقامبێژان پارێزگاری لە مەقامە ڕەسەنەکانی ناوچەکەیان دەکەن و لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ڕێگریکردن لە فەوتانی ئەو جۆرە مەقامانەی کە لە کۆندا مەقامبێژانی ناوچەکە کاریان لەسەر دەکرد، مام بەهمەن کاکەیی یەکێکە لە مەقامبێژە دیارەکان و دەڵێت؛ مەقام لە گەرمیان هەنگاوی باشی ناوە
  11. لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکانی نێوان ئێران، ئەمەریکا و ئیسرائیل، هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پارتە کوردییەکانی هەرێمی کوردستانیش توندتر بووە. تاران ئەو لایەنانە بە هاوکاری لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات، بەڵام ئەوان ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە.
  12. سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە 9ی مانگی شەش پشتڕاستی کردەوە کە ئێران هەلیکۆپتەرێکی ئاپاچی ئەمەریکایی زۆر پێشکەوتووی خستووەتە خوارەوە. دۆناڵد ترامپ لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تروث سۆشیال نووسیویەتی "تازە لەلایەن سوپای مەزنەکەمانەوە ئاگادار کرامەوە کە شەوی ڕابردوو ئێرانییەکان یەکێک لە هەلیکۆپتەرە زۆر پێشکەوتووەکانی ئاپاچی ئێمەیان خستە خوارەوە لەکاتێکدا ئەرکەکەیان بەسەر تەنگەی هورمزدا جێبەجێکردووە." ئاماژەی بەوەشکرد "لەم ئەرکەدا دوو فڕۆکەوان هەبوون، هەردووکیان سەلامەتن و بریندار نەبوون، بەڵام ئەمەریکا، لەبەر پێویستی، دەبێت وەڵامی ئەم هێرشە بداتەوە. سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە."
  13. وەزیری وزەی ئەمەریکا ڕایگەیاند هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز "بە شێوەیەکی واتادار" ڕووی لە زیادبوون کردووە. وەزیری وزە کریس ڕایت ئاماژەی دا بەوەی ئەم پێشهاتە هێمایەکە بۆ گەڕانەوەی دۆخێکی "تا ڕادەیێک ئاسایی" لە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا. ڕایت ڕۆژی سێشەممە لە میانەی وتارێک لە کۆنفرانسی شورای ئەتلانتیک ئاماژەی بەم زیادبوونە کرد. تەنگەی هورمز، کە نزیکەی بیست لە سەد لە نەوتی جیهان و بەشێکی گرنگ لە گازی سروشتی لێوە دەگوازرێتەوە، لە مانگەکانی ڕابردوودا بەهۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە تووشی دۆخی نائاسایی بووە. بەپێی داتاکانی چاودێریکردنی کەشتیوانی، لە چەند ڕۆژی دواییدا ژمارەیەک کەشتیی بارهەڵگری گازی سروشتی قەتەر توانیویانە بە سەرکەوتوویی لە هورمز تێپەڕ ببن، کە ئەمە بە نیشانەی گەڕانەوەی متمانە بۆ بەکارهێنەرانی تەنگەکە دادەنرێت.
  14. هەواڵە جیهانیـیەکان لە دەنگی ئەمەریکا
  15. ڕادەستکردنی چەکی پێشمەرگە بووه‌ته‌ گفتوگۆی به‌شێک له‌ میدیا عێراقییه‌كان ئه‌گه‌ر چی تا ئێستا هیچ بریارێكی فه‌رمی له‌و باره‌یه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام به‌رپرسان و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ نایانه‌وێت پێشمه‌رگه‌ به‌راورد بكرێت به‌و گرووپانه‌
  16. سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێران و چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی شیانی هەیە لە ماوەی "دوو یان سێ ڕۆژدا" ئەنجام بدرێت. سەرۆک ترامپ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جۆن ئێف کەنەدی لە کاتی گەڕانەوەی لە نیویۆرکەوە بۆ واشنتن بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند ئەمەریکا و ئێران لە قۆناغەکانی کۆتایی دانوستاندان بۆ گەیشتن بە "ڕێککەوتنێکی زۆر زۆر باش." ترامپ جارێکی دیکە جەختی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردەوە و گوتی "هەرگیز ڕێگە نادەین چەکی ناوەکی دروست بکەن." هەروەها ڕایگەیاند ئەگەر ڕێککەوتن واژۆ بکرێت، هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز "بە زووترین کات" دەکرێتەوە. سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە سەردانی نیویۆرکی کرد بۆ سەیرکردنی یاریی خولی کۆتایی ئێن بی ئەی فوتبۆڵی ئەمەریکایی. سەرۆک لە کاتی گەڕانەوەی بۆ واشنتن ئەم لێدوانەی سەبارەت بە ئێران دا. لێدوانەکەی لە کاتێکدایە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا شەڕی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل سەریهەڵدایەوە، دوای ئەوەی ئێران چەند مووشەکێکی بەرەو ئیسرائیل هەڵدا. بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاند هێرشەکانیان لە وەڵامی "شکاندنی ئاگربەست" بووە لە لایەن ئیسرائیلەوە بە هۆی چالاکییە بەردەوامەکانی لە لوبنان. دوای هێرشەکانی ئێران و وەڵامی ئیسرائیل، سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە هەردوو وڵات کرد پێکدادانەکان ڕابگرن و داوای لە ئێران کرد بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن.
  17. وەزارەتی جەنگ ناوی زیاتر لە پەنجا کۆمپانیای چینی بڵاودەکاتەوە کە چیتر ڕێگەیان پێنادرێت کاری بازرگانی لەگەڵ وەزارەتەکەدا بکەن. لیستەکە کە رۆژی دووشەمە بڵاوکرایەوە، ناوی چەندین کۆمپانیای بەناوبانگی تێدایە، لەوانە کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمۆبیل بی وای دی و کۆمپانیای ئینتەرنێتی بایدو و کۆمپانیای ئینتەرنێتی عەلی بابا و کۆمپانیای درووستکردنی رۆبۆت یونیتری. بی وای دی و باید و عەلی بابا ڕایانگەیاندووە ئەم کارەی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا هیچ بنەمایەکی نییە. وەزارەتی جەنگ لە بەیاننەمەیەکدا ڕایگەیاند بڕیاریداوە ئەو کۆمپانیایانەی ناویان لە لیستەکەدا هاتووە وەک " کۆمپانیای سەربازیی چینی" پێناسەبکات. لیستەکە ناوی ئەو کۆمپانیایانە لەخۆ دەگرێت کە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بازرگانی یان دروستکردن یان بەرهەمهێنان یان هەناردەکردندا کاردەکەن و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە سنوورەکانی ئەمەریکا خەریکی کارن. پاش بڕیارەکە، ئەو کۆمپانیایانە ناتوانن کار لەگەڵ پەنتاگۆن بکەن و گرێبەست بەدەست بهێنن. لیستەکەی پنتاگۆن بەشێکە لە جێبەجێکردنی بڕگەیەکی یاسایی کۆنگرێس کە لە ساڵی 2021 دا دەریکردوە و مەبەست لێی دیاریکردنی ئەو کۆمپانیا چینییانەیە کە پەنتاگۆن پێیوایە پەیوەندییان بە سوپای چینەوە هەیە. لیستەکە تەنها ئەو کۆمپانیایانە ناگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپا و هێزە ئەمنییەکانی چینەوە کۆنترۆڵ دەکرێن، بەڵکو ئەوانەش دەگرێتەوە کە بەشدارن لە یارمەتیدانی پیشەسازیی بەرگری چیندا. لەدوای دەرچوونی یاساکەی کۆنگرێس پەنتاگۆن 188 کۆمپانیای چینی خستوەتە نێو ئەو لیستەوە. لیستەکەی ئەمساڵ ناوی زیاتر لە 50 کۆمپانیای تێدایە. ئامانجی سەرەکی یاساکە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکایە لە ڕێگەی چاودێریکردن و ڕێکخستنی کاری ئەو کۆمپانیانەی کە ڕەنگە پەیوەندییان بە سوپای چینەوە هەبێت یان بەشداربن لە هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ پێشخستنی پیشەسازی سەربازی بە گواستنەوەی داهێنانی مەدەنی بۆ بەکارهێنانی لەبواری سەربازیدا. بەپێی یاساکە، کە تا کۆتایی ساڵی 2030 کاری پێدەکرێت، پێویستە ساڵانە پەنتاگۆن لیستەکە نوێ بکاتەوەو ناوی ئەو کۆمپانیایانە بڵاوبکاتەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەوکێشانەی کە لێکەوتەی کارو چالاکییەکانی ئەو کۆمپانیانەن لە ئەمەریکا.
  18. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێکی تایبەت بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ڕایگەیاند کورد و کەمینە ئاینی و نەتەوەیییەکانی تر لەو وڵاتە "ڕووبەڕووی سەرکوتکردنێکی قورس و ئامانجدار دەبنەوە." وەزارەتی دەرەوە لە لێدوانەکەدا گوتی "ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی سیستەماتیک مافە کەلتووری، زمانی و سیاسییەکانی کوردەکان پێشێل دەکات و ئەمە وەک ئامرازێکی بە ئەنقەست بۆ کۆنترۆڵی سەەرەڕۆی خۆی بەکاردەهێنێت." لە بەشێکی تری وەڵامەکەدا هاتووە حکومەتی ئێران "لە ناوخۆدا مافە بنەڕەتییەکان و ئازادییە سەرەکییەکان وەک ئازادی دەربڕین، کۆبوونەوەی ئاشتییانە و ئازادی ئایین پشتگوێ خستوون"، و هەروەها بە بەکارهێنانی "دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە و ئەشکەنجە" هەوڵ دەدات دژبەران و ناڕازییان بترسێنێت و دەنگیان کپ بکات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە "ڕێژیمی ئێران گەورەترین پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤە لە جیهاندا" و بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی "بە دڕندانەترین شێواز" خەڵکی ئێران سەرکوت دەکات. لە لێدوانەکەدا هاتووە "کورد و کەمینەکانی تر لە ئێران بە شێوەیەکی تایبەت دەکرێنە ئامانجی سەرکوتکردن." وەزارەتەکە دەڵێت واشنگتن "بە بەردەوامی" پاڵپشتی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی ئێرانییەکان، بە تایبەتی ئەندامانی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان وەک کورد، لە بەرامبەر "دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە، پێشێلکارییە سیستەماتیکەکان و کردە دیکتاتۆرییەکانی ڕێژیم دەکات." ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ بە بەردەوامی هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی فشاری ئەمنی و دەستبەسەرکردنی چالاکوانان و هاووڵاتیانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی ئێران.
  19. هه‌واڵه‌کان، ڕاپـۆرت، وتووێژ
  20. لەگەڵ نزیکبوونەوەی مۆندیال یان یارییەکانی جامی جیهانی دەزگا ئاسایشییەکانی ئەمەریکا پلانی ئاسایشی بەرفراوانیان بۆ ئەم چالاکییە وەرزشییە گەورەیە گرتووەتەبەر. بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن تیمەکانی تاکتیکی و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە 11 شاری ئەمەریکا کە میوانداری یارییەکان دەکەن، جێگیر دەکرێن، چونکە پاڵەوانێتییەکە لە ڕۆژی پێنجشەممە دەستپێدەکات و یەکێکە لە گەورەترین ڕووداوە وەرزشییەکان لە مێژووی ئەمەریکادا. بەڕێوەبەری گشتیی ئێف بی ئای، کاش پاتێڵ، لە ڕۆژی یەکشەممەدا ڕایگەیاند دامەزراوەکەیان چەند تیمێکی تایبەتی ئامادە کردووە. تیمەکان بریتین لە تیمی وەڵامدانەوەی خێرا، ڕزگارکردنی بە بارمتەگیراوان، پوچەڵکردنەوەی بۆمب، هەواڵگری، دژەدرۆن، بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و هەروەها یەکە هاوکارییەکانی سوپا کە بە سوات ناسراون. ئامانجی سەرەکییان پاراستنی یاریزانان، هاندەران و گەشتیارانە لە ماوەی 39 ڕۆژدا کە یارییەکانی جامی جیهانی بەڕێوە دەچن. هەروەها ڕایگەیاند کە ئەم یەکانە بۆ ماوەی چەند مانگێک ڕاهێنانی پێویستیان پێ کراوە و ئامادەن بۆ هەماهەنگیی تەواو. ئەمەش لە پێناو یەکێک لە گەورەترین ڕووداوە وەرزشییەکان لە مێژووی ئەمەریکادا. پاتێل ڕۆژی یەکشەممە لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت ''هەموو کەلوپەلێکی پێویستیان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی خێرا لە ئەگەری هەبوونی هەر ڕووداوێکدا لە هەر کاتێکدا بەبێ هیچ هەڵەیەک. ئێمە ئامادەین بۆ هەر پێشهاتێک.'' لە کۆی 104 یاری، 78 یاری لە ئەمەریکا ئەنجام دەدرێن. ئەندرۆ گویلیانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیمی تایبەت بە جامی جیهانی 2026 لە کۆشکی سپی بە فۆکس نیوزی گوت: ''ئەمە ڕووداوێکی وەکوو 78 سوپەر بۆڵ دەبێت، هەم لە ڕووی ئاساییشی وشکانییەوە هەم لە ڕووی دروستکردنی ناوچەی دژەفڕینەوە.'' ئیدارەی فڕۆکەوانیی فیدڕالیی ئەمەریکا هەر درۆنێک لە ناوچەی ''دژەفڕینی درۆنەکان'' لە ئاسمانی بۆنەکانی جامی جیهانی دەکاتە ئامانج و پێبژاردنی بەکارهێنەرانی درۆنیش لە ناوچە قەدەغەکراوەکان دەگاتە 100.000$، زیندانیکردن و دەستبەسەرداگرتنی درۆنەکە. دامەزراوەی ئێف بی ئای لە شاری داڵاسی تەکساس ڕایگەیاندووە کە ''بەکارهێنانی مەترسیدار و نەشیاوی درۆن لەو ماوەیەدا مەترسی فیزیکی بۆ سەر خەڵک لەسەر زەوی دروست دەکات،'' لە ڕۆژی 28ی مانگی پێنجیشدا ڕایانگەیاندبوو کە یاریگای ئەی تی تی لە ئارلینگتن میوانداری نۆ یاری دەکات، ئەمەش زۆرترین ژمارەیە بە بەراورد بە یاریگاکانی دیکە. ئەتڵانتا میوانداری هەشت یاری دەکات، ئێف بی ئای دەڵێت کە لە نزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شارەدا بۆ ماوەی هەژدە مانگە لە پەیوەندیدان بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە هەموو یارییەکان و هەموو هاندەران لە تەواوی کاتی بۆنەکاندا سەلامەت دەبن. شارەداری شاری سیاتڵ کەیتی ویڵسن لە ڕاگەیاندراوێکی شارەوەنییەکەیدا دەڵێت ''شتێکی تایبەت نییە بەڵام دەکرێت مەترسی ئاساییشی لە کاتی یارییەکاندا دروست بێت،'' هەروەها ڕایگەیاند کە 22 کامێرای چاودێریی نوێیان لە دەورەوبەری یاریگادا چالاک کردووە کە تایبەتن بەم بۆنەیە. لەم کارەشدا ڕەچاوی تایبەتمەندییە کەسییەکان و ئازادیی مەدەنییان کردووە. بۆ پشتگیریکردن لە ئاساییشی یارییەکان، ساڵی ڕابردوو دەزگای بەڕێوەبردنی فریاگوزارییە فیدڕالییەکان بودجەیەکی 625$ی بۆ یازدە شاری میواندار تەرخان کرد. دەزگای گومرگ و پاراستنی سنوورەکان ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ هەمانگی دەکەن لە پێناو ئاسانکاری بۆ هاتن و چوونی یاریزانان، بەرپرسان، هاندەران و گەشتیاران بە لەبەرچاوگرتنی سەلامەتیی گشتی. ڕێوشوێنی ئاساییشی دیکەش گیراونەتە بەر بۆ نموونە یارمەتیدانی هاندەران و پاراستنیان لە ساختەچییەکان. ئێف بی ئای ڕایگەیاندووە کە ئەو وێبسایتانەیان دەستنیشان کردووە کە تیکتی ساختە بە خەڵک دەفرۆشن بە مەبەستی دەستکەوتنی زانیارییە کەسییەکانیان و هەژماری بانکەکانیان یان هەر جۆرە زیانێکی دیکە بۆ سەر بەکارهێنەران. هەروەها ئێف بی ئای داوا لە هاندەران دەکات کە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕیکلامەکاندا بکەن و کرتە لەسەر هەموو وێبسایتێک نەکەن. لەجیاتی ماڵپەڕی سەرەکیی فیفا FIFA.COM بەکار بێنن و وێبسایتە فەرمییەکان بەکار بهێنن نەک وێبسایتی گەڕانی گشتی. لەگەڵ یاریگاکانی ئارلینگتن (داڵاس) و ئەتڵانتا، هەر یەک لە یاریگاکانی بۆستن، هیوستن، کانساس سیتی، لۆس ئەنجلس، مەیامی، نیویۆرک، نیوجێرسی، فیلادلفیا، سان فرانسیسکۆ بەی ئێریا و سیاتڵ میواداری یارییەکانی جامی جیهانی دەکەن.